دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانێکی فەرمیی واژۆ کرد بۆ کشانەوەی وڵاتەکەی لە 66 دامەزراوەی نێودەوڵەتی، کە بە وتەی کۆشکی سپی، ئەو ڕێکخراوانە "دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی واشنتۆن" کار دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ئەم فەرمانە 35 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و 31 دامەزراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕێکخراوانە پەرە بە "سیاسەتی توندیی کەشوهەوا، حوکمڕانی جیهانی و ئەجێندای ئایدیۆلۆژی" دەدەن، کە لەگەڵ سەروەریی ئەمریکا و هێزی ئابووریی وڵاتەکەدا ناگونجێن.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەم کشانەوانە کۆتایی دەهێنێت بە بەشداریی دارایی باجدەرانی ئەمریکی لەو دامەزراوانەی ئەجێندای جیهانی (Globalist) دەخەنە پێش ئەولەویەتەکانی ئەمریکاوە." هەروەها جەخت کراوەتەوە کە زۆرێک لەو ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی ناکارا و بێبەرهەم کار دەکەن، بۆیە باشترە سەرچاوە داراییەکانی ئەمریکا لە شوێنی گونجاوتردا خەرج بکرێن.
هەرچەندە تائێستا ناوی ئەو 66 ڕێکخراوەیە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە سیاسەتی "ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە" دەبینرێت، کە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژموونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە بەسەر بڕیارە نێوخۆییەکانی واشنتۆنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.