Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 11:14

لە ئێران بەهای دۆلار 144 هەزار تمەنی تێپەڕاند و ناڕەزایەتییەکان توندتر بوون

کوردستان TV
100%

لە کاتێکدا شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنە گشتییەکان سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە، ئێوارەی دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، بەهای تمەنی ئێرانی نزمبوونەوەیەکی پێوانەیی تری تۆمار کرد و نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا 144,000 تمەنی تێپەڕاند.

ئەم بازدانە کتوپڕەی نرخی دراو لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو و دوای دەستبەکاربوونی "عەبدولناسر هیمەتی" وەک سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی، نرخی دۆلار بۆ 135,000 تمەن دابەزیبوو، بەڵام پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و مانگرتنی بازاڕییان وای کردووە حکوومەت کۆنترۆڵی بازاڕی دراو لەدەست بدات. هاوکات نرخی یۆرۆ گەیشتە 168,000 تمەن و پاوەندی بەریتانیش 194,000 تمەنی تێپەڕاند.

حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێورکردنەوەی شەقام، پەنای بۆ دابەشکردنی "کۆپۆنی ئەلیکترۆنی" (کاڵابەرگ) بردووە و بڕی 1,000,000 تمەن (کەمتر لە 7 دۆلار)ی وەک هاوکاریی مانگانە بۆ هەر کەسێک تەرخان کردووە تاوەکو 11 جۆر کاڵای پێویست لە زیاتر لە 200,000 فرۆشگا بکڕن. بەڵام شارەزایانی ئابووری دەڵێن ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەڵاوسانی زیاتر و گرانبوونی کاڵا بنەڕەتییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، ئێستاد زەیت لە زۆربەی فرۆشگاکاندا دەست ناکەوێت و نرخەکەی 3 هێندە بەرز بووەتەوە. بۆ نموونە، نرخی ڕۆنێکی 5 کیلۆیی لە 560,000 تمەنەوە بۆ نزیکەی 2,000,000 تمەن بەرز بووەتەوە.

لە 9هەمین ڕۆژی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا، بازاڕ و دووکانەکان لە شارەکانی تاران، کەرەج، مەرودەشت، کازروون و بەندەری گەناوە داخران و مانگرتنی گشتی بەردەوام بوو. هاوکات گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کە هێزە تایبەتەکانی حکومەت لە ناوچە هەستیارەکانی تاران، بەتایبەت لە بەردەم زانکۆی تاران، لە ئامادەباشی تەواودان.

ئەم ناڕەزایەتییانە کە سەرەتا لە بازاڕی تاران و لە دژی ناسەقامگیریی ئابووری دەستی پێکرد، لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی سیاسیی فراوان و لە 9 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 70 شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتووەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.