Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 14:58

نەخۆشخانەی ڕزگاری ئاماری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی مانگی تەمووز ڕادەگەیەنێت

100%

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە شاری هەولێر، ئاماری سەردانی چارەخوازانی بۆ بەش و سەنتەرە جیاوازەکانی ناو نەخۆشخانەکە لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و تێیدا هەزاران هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند بوون.

بەپێی ئامارەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هەزار و24 چارەخواز سەردانی بەشی ڕاوێژکاریی هەرس و جگەریان کردووە. لە بەشی نازووریش، 326 پشکنینی گەدە، 156 پشکنینی کۆڵۆن و 26 پشکنینی ڕێڕەوەکانی زراو بۆ نەخۆشان ئەنجامدراون.

نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ گرێ و شێرپەنجە پێشوازی لە 3 هەزار و 48 چارەخواز کردووە. هاوکات لە بەشی چارەسەری سروشتی دوو هەزار و 440 کەس چارەسەریان وەرگرتووە و 760 نەخۆشیش دەرزی تایبەت بە ڕۆماتیزمیان بۆ کراوە.

لەو مانگەدا 630 چارەخواز سەردانی سەنتەری هەناسەیان کردووە و 4 چارەخوازی دیکەش پشکنینی ناوبینیی سییەکانیان بۆ ئەنجامدراوە.

ئامارەکان دەریدەخەن کە 308 چارەخواز سەردانی سەنتەری هاوچەرخیان بۆ بیستن و ئاخاوتن کردووە و 443 هێڵکاریی گوێ ئەنجامدراوە. لە بەشی نەشتەرگەرییەکانیشدا، 3 پڕۆسەی چاندنی گورچیلە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون. ئاماژە بەوەش دراوە کە بەهۆی کارکردن و نۆژەنکردنەوە، بەشی ناوبینیی میزڵدان لەو مانگەدا هیچ پشکنینێکی تێدا ئەنجام نەدراوە.

ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری جەخت دەکاتەوە کە تیمە پزیشکی و کارگێڕییەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بە هاووڵاتییان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.