لە هەولێر پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی (مێدیکۆ) کرایەوە و زیاتر لە 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە 10 وڵاتی جیهانەوە تێیدا بەشدارن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئاب، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە دروشمی (داهاتووی تەندروستی ببینە)، کۆنفرانس و پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی (مێدیکۆ) لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرایەوە.
پێشانگەکە بە ئامادەبوونی دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، دکتۆر زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی و هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەبوون.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پێشانگەیە وەک یەکەمین و گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ناساندنی نوێترین تەکنەلۆژیا، داهێنان و کەرەستە پزیشکییەکان و پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی بەڕێوەدەچێت.
لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە 10 وڵاتی جیهانەوە، بەشداریان کردووە و نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانی بواری تەندروستی و پزیشکیان نمایش کردووە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.