بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی شاری هەولێر کەوتەوە، وتەبێژی بەرگریی شارستانییش رایگەیاند، لە ئێستادا توانراوە 95%ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و تیمەکانمان بەرەو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئاگرەکە دەچن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی شاری هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە 20 تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەنێو کارگەکەدا ماددەی وەک پلاستیک و نایلۆن هەبووە، ئاگرەکە خێرا تەشەنەی سەندووە، بەڵام لە ئێستادا توانراوە 95%ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و تیمەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دامرکاندنەوەی یەکجارەکی.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد کە ئەم کارگەیە بە هیچ شێوەیەک پابەندی رێنمایی و مەرجەکانی سەلامەتیی بەرگریی شارستانی نەبووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە نازانین.
لەبارەی زیانەکانیشەوە موقەدەم شاخەوان گوتی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی ماددی زۆر بەر کارگەکە کەوتووە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.