ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند: ماوەی دوو ڕۆژە 35 هاووڵاتی کە دانیشتووی شاری سۆرانن و پێکهاتوون لە (7 خێزان)، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و خراپیی کەشوهەواوە لە گوندی "چەمە لوان"ی سەر بە ناحیەی کانی ڕەش لە قەزای سیدەکان گیریان خواردووە.
ئەم هاووڵاتییانە کە بنەچەیان خەڵکی ئەو گوندەیە، بە مەبەستی گەشت و بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ چوونەتە ناوچەکە، بەڵام بەهۆی بەفر و بارانی زۆرەوە ڕێگەی گەڕانەوەیان لێ گیراوە.
دوو شەو پێش ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران بە سەرپەرشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی (موقەدەم کاروان میراودەلی) بەڕێوەبەری شارستانی سۆران، پڕۆسەی ڕزگارکردنیان دەستپێکردووە.
تاوەکو ئێستا 17 کەس (لە 3 خێزان) بە سەلامەتی ڕزگارکراون و گەڕێندراونەتەوە و لە ئێستادا ١٨ هاووڵاتی دیکە (لە 4 خێزان) لە ناوچەکە ماونەتەوە و تیمەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەمشەو بە سەلامەتی بگەیەنرێنەوە ناو شاری سۆران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.