ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای وڵاتی سوید سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی 4 ساڵ بەسەر پیاوێكی عێراقی سەپاند كە هەڵسابوو بە دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەتێكی تەمەن 100 ساڵ.
رووداوەكە لە رۆژی 1/10/2025 لە شاری ستۆكهۆڵم رووی دابوو، پیاوەكە كە بە ناسنامە عێراقییە و تەمەنی 38 ساڵە و لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید كاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ماڵان دەكات، كارەكەی قۆستبووەوە و دەستدرێژی كردبووە سەر ئەفرەتە بە تەمەنەكە.
لەبارەی رووداوەكە، ئافرەتە بە تەمەنەكە لەبەردەم دادوەر رایگەیاندووە، پیاوەكە بۆ كاری خزمەتگوزاری هاتۆتە ماڵەكەی و هێرشی كردۆتە سەری، هەرچەندە لێی پاڕاوەتەوە كارەكە نەكات و لێی دوور بكەوێتەوە.
جگە بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ، داواكاری گشتیی شاری ستۆكهۆڵم داوای كردبوو تاوانبارەكە دیپۆرتی عێراقیش بكرێتەوە، بەڵام دادگا داوكارییەكەی رەت كردبووەوە.
تاوانبارە عێراقییەكە هەروەها تۆمەتێكی دیكەی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێكی تەمەن 95 ساڵ خرابووە پاڵ، بەڵام دادگا بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەك تۆمەتەكەی رەتكردبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.