Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 01:10

جەمسەری باکوور گەرمترین ساڵی لە مێژوودا تۆمار کرد

کوردستان TV
100%

بەپێی نوێترین راپۆرتی ئیدارەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ زەریاکان و بەرگەهەوا (NOAA)، جەمسەری باکوور بەرزترین تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە، ئەمەش وێنەیەکی مەترسیدار لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەخاتە ڕوو.

بەپێی راپۆرتەکە کە پشت بە داتای تۆمارکراوی ساڵی 1900 دەبەستێت

لە نێوان تشرینی یەکەمی 2024 بۆ ئەیلوولی 2025، پلەی گەرمی 1.60 پلەی سیلیزی لە تێکڕای ساڵانی (1991-2020) بەرزتر بووە.

ئەم ساڵە بەرزترین پلەی گەرمیی وەرزی پاییزی تێدا تۆمارکراوە.

دووەم گەرمترین زستان و سێیەم گەرمترین هاوین بووە لە مێژووی ناوچەکەدا.

 تۆم بالینجەر، توێژەر لە زانکۆی ئالاسکا دەڵێت: "ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی پلەی گەرمی جێگەی نیگەرانییە و وا دەردەکەوێت لە سەردەمی مۆدێرن و بگرە لە هەزاران ساڵی ڕابردووشدا بێ وێنە بێت".

لە ئازاری 2025، رووبەری سەهۆڵی دەریاکان لە جەمسەری باکوور گەیشتە کەمترین ئاستی تۆمارکراو لەڕێی مانگە دەستکردەکانەوە (14.33 ملیۆن کم چوارگۆشە). زانایان هۆشداری دەدەن کە سەهۆڵەکان بەهۆی گەرمبوونی مرۆکردەوە توانای خۆگرتنەوەیان نەماوە.

توانەوەی سەهۆڵەکان کێشەی جددی بۆ ورچی جەمسەری، فەقمە و شێرە دەریاییەکان دروستکردووە، چونکە ئەوان سەهۆڵ وەک سەکۆیەک بۆ راوکردن و وەچەخستنەوە بەکاردەهێنن.

بۆچی جەمسەری باکوور خێراتر گەرم دەبێت؟

ناوچەکە رووبەڕووی دیاردەی "تێکشکان یان گەورەبوونی جەمسەری" بووەتەوە، کە تێیدا خێراتر لە ناوچەکانی دیکەی جیهان گەرم دەبێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کاتێک سەهۆڵی سپی دەتوێتەوە، ئاوی تاریکی زەریا دەردەکەوێت کە وزەی خۆر زیاتر هەڵدەمژێت و گەرمبوونەکە خێراتر دەکات.

جیهان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.