Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 14:12

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا کۆ دەبێتەوە

کوردستان TV
100%

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە بەرلین لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا کۆ دەبێتەوە و پلانی ئاشتی تاوتوێ دەکەن، ئەمریکا فشار دەکات پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتن بکرێت.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەنیازە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە بەرلین لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرکردە ئەورووپییەکان کۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی لە ئۆکرانیا.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان واشنتۆن و کیێڤە سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئەمریکا کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە. ئەمریکا فشار دەکات بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتن بکرێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بە سازشی ئۆکرایناش بکات.

حکوومەتی ئەڵمانیا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕۆژی دووشەممە و دوای کۆڕبەندی بازرگانیی ئەڵمانیا - ئۆکرانیا میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بریتانیا، هەروەها سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ بەشدار دەبن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر بڕیار بوو کۆبوونەوەکە لە پاریس ئەنجام بدرێت، بەڵام میدیاکان هەڵوەشاندنەوەیان بڵاو کردەوە. هاوکات سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕۆژی چوارشەممە ئۆکراینا وەڵامی خۆی بۆ ڕەشنووسی پلانەکە ڕادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە، کە تێیدا بیرۆکەی نوێی سەبارەت بە پرسە هەڵواسراوەکانی وەک خاک و وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا خستووەتە ڕوو.

شایانی باسە لە 2ـی کانوونی یەکەم، ڤلادیمێر پوتین لە مۆسکۆ پێشوازیی لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر کردبوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەمان پلان، هەرچەندە کرێملین ڕایگەیاندووە ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بەرلین نییە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.