نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خەبات و چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و ڕایگەیاند: "لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم."
سەبارەت بە ڕۆڵ و مێژووی ئەو ڕێکخراوەیە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە: "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ھەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە."
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ھەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە.
لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوون.
لەم یادەدا، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان ھەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ئازادیی کوردستان و مافەکانیاندا گیانیان بەخشی.
ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
11/12/2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.