داواکاری گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە کە بۆ گواستنەوەی نەوتی سزادراوی ئێران و ڤەنزوێلا بەکارهاتووە، دۆناڵد ترەمپیش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتی خاوی جێبەجێ کردووە کە لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا بووە.
بە وتەی بۆندی، ئەم کەشتییە "ماوەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی بەشداریکردن لە تۆڕێکی نایاسایی گواستنەوەی نەوت و پاڵپشتیکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان، لەژێر سزاکانی ئەمریکادا بوو".
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردبووەوە هێزەکانی وڵاتەکەی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سزادراودا گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند: "ئەم کەشتییە بۆ گواستنەوەی نەوتی سزادراوی ئێران و ڤەنزوێلا بەکاردەهات، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتی مادۆرۆ کۆتایی پێ بێت و خەڵکی ڤەنزوێلا لە ستەم ڕزگاریان بێت".
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێشنیاری کرد هەمان مۆدێل و شێواز بۆ "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕووسیاش جێبەجێ بکرێت، کە بە وتەی ئەو "مەکینەی جەنگیی پوتین بەهێز دەکەن".
گراهام حکومەتی ڤەنزوێلای وەک "حکومەتێکی دیکتاتۆریی نارکۆ-تیرۆریست" ناوبرد کە بە زیانی ئەمریکا کار دەکات و وتی: "کاتی ڕوخانی حکومەتی تیرۆری مادۆرۆ هاتووە تاکو زەمینە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێتی نوێ لە نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا بڕەخسێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.