Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 07:32

وەزارەتی تەندروستیی ئێران: 101 کەس بەهۆی ئەنفلۆنزاوە گیانیان لەدەست داوە

کوردستان TV
100%


بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا 101 کەس لەو وڵاتە بەهۆی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا گیانیان لەدەست داوە و هۆشداریشی دا لەوەی وڵاتەکە لەناو شەپۆلی بەهێزی ئەم نەخۆشییەدایە.

حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایەی لەم ڕۆژانەدا زاڵە و بڵاوبووەتەوە لە جۆری (H3N2)ـە و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە سەری هەڵداوە.

بە وتەی کرمانپور، زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە، ئەوانە بوون کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە: "لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن توندیی ئەم نەخۆشییە بەراورد بە جۆرەکانی ڕابردوو زیاترە".

بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە، دەرگای بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکان داخراون. بەپێی میدیاکانی ئێران و لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی، سەرەتا پێشبینی نەدەکرا شەپۆلی تووشبوون تا ئەم ئاستە بەرزبێتەوە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی زۆریی ژمارەی سەردانیکەران، فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکان دروست بووە.

پێشتر هادی ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئەمساڵ ڤاکسینی ئەنفلۆنزا بە دراوی ئازاد هاوردە کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخەکەی دوو هێندە و نیو بەرزبێتەوە و بگاتە 917 هەزار تمەن.

پێشبینی دەکرێت لوتکەی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە ئێران تا سەرەتای کانوونی دووەم بەردەوام بێت و پاشان ڕوو لە کەمبوونەوە بکات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.