ئه‌مڕۆ دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی کردە سەر وڵاتانی جیهان له بێباکییان سەبارەت بە ئازارە بەرفراوانەکانی مرۆڤایه‌تی ، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه چه‌ندین وڵاتی وه‌كو سودان و لوبنان و غه‌ززه و وڵاتانی تر له‌ناو جه‌نگ و ململانێی ژیان و برسییه‌تی و نه‌خۆشی دانه.
نیگه‌رانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له كاتێكدایه كه به‌روونی بانگەوازی كرد بۆ زیادكردنی هاوكارییه مرۆییه‌كان بۆ ساڵی 2026 کە ئێستا پانتاییەکەی سنووردارە و یارمەتییەکان ڕووبەڕووی کەمکردنەوەی گەورەی بودجە بوونه‌ته‌وه.
لای خۆیه‌وه، تۆم فلێچەر، بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی راگه‌یاند: "ئەمە سەردەمی دڕندەیی و بێ سزای و بێباکییە و ئیدانەی دڕندەیی و تووندی كوشتن و جه‌نگه‌كان ده‌كه‌ین."
راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی ئێستا له جیهاندا ده‌بینرێت بێبایەخکردنی تەواوەتی یاسا نێودەوڵەتییەکانه، ئاستی ترسناکی تووندوتیژییه‌كانی زۆر فراوان كردووه به‌تایبه‌تی تووندوتیژی سێکسی لە ساڵی 2025دا .
بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، جێی شه‌رم و نیگه‌رانی قووڵمانه كاتێك سیاسەتمەداران شانازی بە بڕینی هاوکارییە مرۆییه‌كان دەکەن، لەکاتێکدا هه‌زاران كه‌س په‌ناهه‌نده بوونه به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و جه‌نگه ناوخۆییه‌كان و رووداوه سروشتییه‌كان.
تۆم فلێچەر بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشكراشی كرد: نەتەوە یەکگرتووەکان له پلانی دایه و حەز دەکات 33 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە بۆ یارمەتیدانی 135 ملیۆن کەس لە ساڵی 2026دا ، بەڵام بە ئازارەوە ده‌یڵێن زۆر قورسه بگه‌ینه ئه‌و ئامانجه پیرۆزه، ئه‌ویش به لەبەرچاوگرتنی کەمکردنەوەی یارمەتییە دەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا.
فلێچەر گوتیشی ئه‌و بانگەوازە مرۆییه‌ی كردوومانه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكارییه مرۆییه‌كان له ئاستی جیهاندا لەسەر بنەمای هەڵبژاردنە ئازاربەخشەکانی ژیان و مردنی ملیۆنان مرۆڤ بووه له جیهاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.