لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی ڕابردووی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هەزاران سەردان ئەنجام دراون و بەهۆی سەرپێچییەوە ژمارەیەک شوێن داخراون و بڕێکی زۆر خۆراکی خراپبووش لەناو براوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە مانگی 11ـدا، 47 لیژنەی هاوبەش بڕی 5699 (پێنج هەزار و شەش سەد و نەوەد و نۆ) سەردانیان بۆ مارکێت، بازاڕ، کارگە، ئوتێل، خواردنگەکان و تەواوی شوێنکارەکانی سنووری شاری سلێمانی کردووە. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکانیش بەدواداچوون بووە بۆ دیاریکردنی نرخ و دڵنیابوونەوە لە کوالێتیی خۆراک و شمەک.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەدا 430 پسوڵەی سەرپێچی و ئاگادارکردنەوە ئاڕاستەی خاوەن شوێنکارەکان کراوە. هەروەها بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکان، 9 شوێن داخراون و 13 شوێنی دیکەش دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگە کراوە.
سەبارەت بە خۆراکی ماوەبەسەرچوو، لیژنەکان دەستیان بەسەر نزیکەی 12 تۆن خۆراک و شمەکی نەشیاودا گرتووە و لەناویان بردووە. هەر لەو مانگەدا، بە کۆی گشتی بڕی 21 ملیۆن و 425 هەزار دینار سزای ماددی بەسەر سەرپێچیکاراندا سەپێنراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی هەبوونی هەر گومانێک، یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.