Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 19:06

هەسەدە لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا: ناهێڵین ستەمگەری و عەقڵیەتی تاکڕەوی بگەڕێتەوە

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووخانی ئەو ڕژێمە تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بە عەقڵییەتی پاوانخوازی، هاوکات هۆشداریش دەداتە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بە زمانی ڕق و کینە هەمان سیستەم زیندوو بکەنەوە.

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە، هەسەدە پیرۆزبایی لە گەلی سوریا بەگشتی و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت دەکات. فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکەم شوێن بوون کە مستی ئەمنی و سەربازیی ڕژێمیان شکاند، هەر لە ڕاپەڕینی ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤ـەوە تا دەرکردنی دەزگا ئەمنییەکانیان لە ساڵی ٢٠١٢".

هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە شەرعیەتی هێزەکانیان لە بەرخودانی گەل و تێکشکاندنی داعشەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەم شەرعیەتە بە خوێن بەدەست هاتووە.

لە بەشێکی دیكەی پەیامەکەدا، هەسەدە ڕەخنە لە هەندێک لایەنی دەسەڵاتی ئێستا و کەسانی نزیک لێیان دەگرێت و دەڵێت: "لە کاتێکدا سورییەکان سەرقاڵی بنیادنانی داهاتوون، هێشتا زمانی هاندان و ڕق لای هەندێک لایەن بەکاردێت کە دەیانەوێت هەمان وتاری دابەشکاری دووبارە بکەنەوە."

هەسەدە هۆشداری دەدات کە "ئەم وتارە گرژ و خۆبەزلزانانەیە قبوڵکراو نییە و بەردەوامیی هەمان عەقڵیەتی ڕژێمە ڕووخاوەکەیە."

هەسەدە ڕایگەیاندووە قۆناغی داهاتوو پێویستی بەم هەنگاوانە هەیە:

١. دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە دوور لە پەراوێزخستن.

٢. داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ کە ماف و ئازادییەکان مسۆگەر بکات.

٣. گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر چارەسەرێکی سیاسیی دادپەروەرانە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتیان کردووەتەوە وەک هێزی سەرەکیی بەرگری لە گەل دەمێننەوە و ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژی و هەڕەشەیەک دەبنەوە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بەو ئامانجەی "سوریای نوێ لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری و هاوبەشی بنیات بنرێت."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.