دوو پەرلەمانتاری كوردستان سەركۆنەی شێواندنی گۆڕی كریستیانەكان لە گوندی هەرمۆتە لە شارۆچكەی كۆیە دەكەن، هەروەها ستایشی بڕیارەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت دەكەن سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانەكە.
شەوی رابردوو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە چەند گۆڕێكی كریستیانەكان لە گوندی هەرمۆتە لە شارۆچكەی كۆیە شێوێنران و هەروەها كێلەكانیان شكێنرا.
هەردوو پەرلەمنتاری پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان رامی نووری سیاوەش و د. جیمس حەسدۆ هیدۆ راگەیەنراوێكی هاوبەشیان لەبارەی ئەو كارە قێزەوەنە بڵاوكردەوە:
دەقی راگەیەنراوی هەردوو پەرلەمانتارەكەی كوردستان:-
بەنیگەرانی و سەرکۆنەکردنەوە، ئەو کارە تێکدەرانەمان بینی کە گۆڕستانی کریستیانەکانیان تێک دا و زیانییان بە 15 گۆڕ گەیاندووە.
لە کاتێکدا کە دەیان سڕینەوە و بیری دەخەینەوە کە کریستیانەکان لە کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنەکان بەشێکی گرنگن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم دەستدرێژییە بە ئاراستەکراو دژی هەموو پێکهاتەکان هەژمار دەکەین بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی دژی هەر کەسێک کە باوەڕی بە فرەیی و پێکەوەژیانی هاوبەش هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەیەک کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە پێکەوەژیان و تەبایی هەیە وەک کۆیە و هێما و کەسایەتی و شەهیدەکانیان بەڵگەیەکی زیندوون لەسەر قسەکانمان.
دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ بەیاننامەی نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە ڕووداوەکە و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، هەروەها بڕیارەکەی بەڕێزیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستانەکە و نۆژەنکردنەوەی بەرز دەنرخێنین.
ڕامی نووری سیاوش - پەرلەمانتار
د. جەیمس حەسدو هیدۆ - پەرلەمانتار
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.