Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 23:22

بانکی ناوەندیی عێراق بەتیرۆریست ناساندنی حیزبوڵڵا و حووسییەکانی ڕەت کردەوە

کوردستان TV
100%


دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەک لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە کە تێیدا گرووپەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی بە تیرۆریست ناساندبوو، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکی "زۆر بەپەلە"دا ڕایگەیاند ئەو بڕیارە بە هەڵە بڵاو کراوەتەوە و داوای سڕینەوەی ناوەکانیان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، بەگوێرەی نووسراوێکی "نهێنی و زۆر بەپەلە" کە واژۆی د. عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستانی لەسەرە و ئاراستەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، داوای هەموارکردنەوەی بڕیارەکە دەکرێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە بە پشتبەستن بە بڕیاری لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان ژمارە 61ی ساڵی 2025، پێویستە بڕگەکانی (18 و 19) لەو لیستەدا لاببرێن کە لە ژمارە 4848ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاو کرابووەوە.

نووسراوەکەی بانکی ناوەندی هۆکاری لابردنی ئەو دوو گرووپەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "لیژنەکە ڕەزامەندیی نەداوە لەسەر سڕکردنی پارەی ئەو قەوارانە و ئەوەی بڵاو کراوەتەوە وەک دەردەکەوێت بە هەڵە لەنێو بەڵگەنامەکاندا تێپەڕیوە".

سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان داوای کردووە بەیاننامەیەکی ڕوونکردنەوەی "زۆر بەپەلە" بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو بکرێتەوە بۆ ڕاستکردنەوەی بابەتەکە لەبەر گرنگییەکەی، تا ئەو کاتەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بە فەرمی هەموار دەکرێتەوە و بڵاو دەکرێتەوە.
پێشتر لە ژمارەی 4848ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، ناوی حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن لە بڕگەکانی 18 و 19ی لیستی سڕکردنی دارایی گرووپە تیرۆریستییەکاندا هاتبوو، ئەمەش کاردانەوەی سیاسی و میدیایی لێ کەوتەوە و وەک گۆڕانکاری لە هەڵوێستی بەغدا لێکدرایەوە. بەڵام بەپێی ئەم بەڵگەنامە نوێیە، حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە دانانی ئەو ناوانە بە هەڵەی کارگێڕی بووە و مەبەستیان نەبووە بیانخەنە لیستی تیرۆرەوە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.