فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، ئەو پێشمەرگەیەی لە کاتی بەرگریکردن لە دامەزراوە گشتییەکان و پاڵاوگەی نەوت لە سنووری قەزای خەبات بریندار ببوو، ئەمڕۆ بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پێشمەرگەیەک بە ناوی "ئارمان سەنار ڕەشید" کە لە ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوودا بە سەختی بریندار ببوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەریی برینەکەیەوە شەهید بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا ئاماژە بەوە کراوە: "ڕۆژی شەممە 29ی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەیەک ئاژاوەگێڕ لە گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، هەوڵیان دا پەلاماری دەزگا حکومییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و پاڵاوگەی نەوت بدەن. بەو هۆیەوە تەقەکردن ڕووی دا کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک شەهید بوو و پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بە ناوی 'ئارمان سەنار ڕەشید' بریندار بوو".
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، پرسە و سەرەخۆشیی فەرماندە و سەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگەکانی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید ئارمان کردووە و هیوای خواستووە خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبووری بە هەمووان ببەخشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.