سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە کوردستان کردەوە، هاوکات هەردوولا هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "کردنەوەی کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، نیشانەی پابەندبوونی وڵاتەکەمانە بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمریکییە لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای لە قۆناغە جیاوازەکاندا کرد و ئامادەییی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندییە دوولایەنەکان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستیی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد.
هاوکات دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.