Erbil 31°C سێشەممە 29 ئەیلوول 08:56

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە میانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ئاوەدانی نابێت. لای خۆشیانەوە شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی متمانەی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەریان لە سەرۆک بارزانی کرد.

ڕۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سوگایا، بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیارا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکاری تری ژاپۆن.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە نیشانەیەکی ڕوونیان لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو خەڵک هەژمار کرد.

هەروەها ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئارا و بە هۆکارێکی گرنگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی وڵاتەکەشیان ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان. 

شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن نیگەرانیی خۆیان بۆ هێرشی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر نیشاندا و وێڕای ئیدانەکردنی ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی سەقامگیریی وزە و ئابووریی عێراق و ناوچەکەیە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولای کرد و ڕایگەیاند، گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابیان بۆ گەل و دەوڵەت و شارستانیەتی ژاپۆن هەبووە. سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت.
 
لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کەموکوڕییەکانی یاسای هەڵبژاردن و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق.

ئایندەی کورد لە سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.