پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەمەبەستی نوێبوونەوە و بەخشینی گڕوتینی زیاتر بە کارەکان، گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامی قەزاکانی پیرمام و شەقڵاوە و هەردوو ناحیەی بەحرکە و ڕزگاری کراوە و کەسانی نوێ بۆ پۆستەکان دیاری کران.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار و قایمقامانی ناوەندی هەولێر و خەبات، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد و تێیدا بڕیاری گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی ڕاگەیاند.
پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی ئاڵوگۆڕی پۆستە کارگێڕییەکان کردەوە وەک هەنگاوێک بۆ نوێبوونەوە و باشتر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان. هاوکات ڕێنمایی دایە بەرپرسە نوێیەکان کە دەبێت "پاڵپشت بە یاسا کاروباری هاووڵاتییان ڕایی بکەن و خۆیان لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت بەدوور بگرن".
بەگوێرەی فەرمانی کارگێڕیی پارێزگاری هەولێر، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
1- خانەنشینکردنی (حامد مستەفا محەمەد ئەمین) لە پۆستی قایمقامی قەزای پیرمام و دانانی (کاروان کەریم خان) وەک قایمقامی قەزاکە بە وەکالەت.
2- دانانی (سوارە ئەکرەم ئەحمەد) وەک قایمقامی قەزای شەقڵاوە.
3- گواستنەوەی (تۆڵە مەهدی خۆشناو) لە ئەرکی بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و سپاردنی ئەرکی بەڕێوەبەری ناحیەکە بە ئەفسەری بنکەی پۆلیسی ناحیەی بەحرکە بە وەکالەت.
4- گواستنەوەی (ڕابەر ساڵح شێرە) لە ئەرکی بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و سپاردنی ئەرکی بەڕێوەبەری ناحیەکە بە ئەفسەری بنکەی پۆلیسی ناحیەی ڕزگاری بە وەکالەت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی ئاراستەی قایمقامی پێشووی پیرمام و ئەو بەڕێوەبەرانە کرد کە گۆڕانکارییەکە دەیانگرێتەوە، لەبەرامبەر دڵسۆزییان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە ڕابردوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.