Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 20:50

سوپای ئیسرائیل: لە ڕەفەح فەرماندەیەکی حەماس و زیاتر لە 40 چەکدارمان لەنێو تونێلەکاندا کوشتووە

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکەوە بۆ سەر تۆڕی تونێلەکانی کەرتی غەززە، دەیان چەکداری بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە، کە لە نێویاندا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح و کوڕی ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری حەماس هەن. 

ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لەو ناوچانەی لە باشووری کەرتی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندان، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر تونێلەکان چڕ کردووەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 40 چەکداریان کوشتووە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە، ماوەی 40 ڕۆژە هێزەکانیان هەوڵەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح چڕ کردووەتەوە، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێڕەوی تونێلانەی کە هێشتا لە ناوچەکەدا ماون و لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی تێیدا خۆیان حەشار داوە.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی سوپا، لەو ماوەیەدا دەیان دەرچەی تونێل و ژێرخانی سەربازیی بزووتنەوەکە لە سەرووی زەوی و ژێر زەوی لەناوبراون.

ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە هات کە پێشتر سوپای ئیسرائیل کوژرانی 4 چەکداری ڕاگەیاندبوو کە شەوی ڕابردوو لە تونێلەکانی ڕەفەح هاتبوونە دەرەوە.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی "تایمز ئۆڤ ئیسرائیل" بڵاوی کردەوە، لەنێو کوژراوەکاندا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و جێگرەکەی بوونیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرانی عەبدوڵڵا حەمەدیان لە ڕەفەح پشتڕاست کردەوە، کە دەکاتە کوڕی غازی حەمەد، سەرکردەی دیاری حەماس و ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە.

هاوکات محەمەد حەمەد، هەواڵی کوژرانی عەبدوڵڵای برای بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو لەکاتی گەمارۆدان و پێکداداندا لەنێو تونێلەکانی ڕەفەح کوژراوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.