Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 17:20

هاتوچۆی هەولێر گۆڕانكاری لە گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ رێكخستنەوەی گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بڕیاری دا رۆژانە گرێبەستەكە لە دوای نیوەڕۆ كارا بكرێت.

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند "وەک لای هەمووان ئاشکرایە ئەنجام دانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە کاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کارێکی باش بوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەسەردرا بۆ زامنکردنی مافی یاسایی کریار و فرۆشیار لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا کە ئەم ئەرکە بە کەس و لایەنی شارەزا و تایبەتمەند سپێردرا بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە .

راشیگەیاند: بەڵام هەندێک کەس ئەم هەنگاوەیان قۆستەوە بۆ بەرژەوندی ماددی خۆیان کە هەستان بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە بۆ کڕیار و فرۆشیاران لەناو کابینە هەندێکجار لەناو ئۆتۆمبێل لە سەرشەقامەکان و کەسانێکیش چاو ساغی و دەلالیان بۆ دەکردن کە هەم سیمایەکی ناشارستانی بوو هەم ئیستغلالی هاووڵاتییان دەکرا.

هەروەها رایگەیاند: ئەوەی جێگەی سەرەنجە کەسانێکی ناشارەزا گرێبەستەکەیان ئەنجام دەدا کە زۆرترین هەڵەیان ئەنجام دەدا لە کاتی پڕکردنەوەی گرێبەستەکەدا کە لە ئەنجامدا هاووڵاتی تووشی کێشە دەبوو، دەبووایە گرێبەستەکە هەڵبەوەشێنێتەوە دووبارە گرێبەستێکی تر ئەنجام بداتەوە کە کاتێکی زۆری بەفێڕ و دەڕۆیشت و زیانی ماددیشی پێ دەگەیشت.

هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا "بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، بڕیاری داوە کە ئەم گرێبەستە لە دوای کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ کارا بکرێت بۆ ڕێگەگرتن لەو گرفتانەی ڕوویان دەدا.

داواشی لە هاووڵاتییان كرد کە گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە شوێنە تایبەتمەندەکان و لای کەسانی شارەزا ئەنجام بدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.