وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی پرۆژەی "هەژماری من"ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەم مانگەدا ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە زیاتر لە 600 هەزار کەس.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، مووچەی مانگی ئەیلوول (مانگی 9) بۆ (602,181) مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان لە پڕۆژەی "هەژماری من".
خاڵێکی گرنگی ئەم مانگە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار زیاتر لە 10.000 خانەوادەی شەهید لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
دابەشبوونی جوگرافیای ئەو مووچەخۆرانەی پارەیان بۆ چووەتە سەر کارت:
هەولێر: 312،051 مووچەخۆر
دهۆک: 160,266 مووچەخۆر
سلێمانی: 129،864 مووچەخۆر
وەزارەتی دارایی ئاشکراشی کردووە کە تا ئێستا کۆی گشتیی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکەدا 900 هەزار مووچەخۆری تێپەڕاندووە و زیاتر لە 500 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بۆ خزمەتگوزاریی 24 کاتژمێری لە شارەکان جێگیر کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.