مەتران و پیاوانی ئایینی مەسیحی لە هەولێر، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی دەکەن و رایدەگەیەنن، ئەو کارە راستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە بکەرانی ئاشکرا بکەن.
ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەر یەک لە مەتران بەشار مەتی وەردە (سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیبارشیەی هەولێر بۆ کلدان)، مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتی شەڕەف (سەرۆکی تایفەی سریانی ئەرسەدۆکس لە موسڵ و کەرکوک و هەرێم) و مەتران نەسنائیل نزار سەمعان (سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیبارشیەی حەدیاب بۆ سریانی کاسۆلیک)، نیگەرانی خۆیان نیشاندا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم دەستدرێژییە بووەتە هۆی بڕانی بەرفراوانی کارەبا لەم کەشوهەوا ساردەی زستاندا، کە راستەوخۆ ژیانی رۆژانەی خەڵکی پەکخستووە، لە راوەستانی قوتابخانەکانەوە تاوەکوو ئاڵۆزبوونی کارەکانی نەخۆشخانە و دامەزراوە گرنگەکان".
مەترانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە نزیکەوە هەست بە مەینەتی و ئازاری خێزانەکان دەکەن، بەتایبەتی نەخۆشەکان، بەساڵاچووان و ئەو قوتابیانەی کە لە ئامادەکاریدان بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز و پێویستیان بە کەشێکی ئارام و خزمەتگوزارییەکانە.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە، مەترانەکان ستایشی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمە تەکنیکییەکانیان کرد کە "بەبێ وچان" هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی غازیان داوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە، دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر خێر و شکۆی هاووڵاتییان و دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
لە کۆتاییدا، مەترانەکانی هەولێر داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم کردووە کە رێوشوێنی ئەمنی توندتر بۆ پاراستنی دامەزراوە حیاتییەکان بگرنەبەر، تاوانباران ئاشکرا بکەن و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک بگەڕێننەوە. هەروەها داوا دەکەن "حرمەتی ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و سەرچاوەکانی وڵات نەکرێنە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکو گفتوگۆ جێگەی توندوتیژی بگرێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.