Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 07:40

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر لێدانە لە سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهان

کوردستان TV
100%


کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، لێدان لە دڵی ئابووری کوردستان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چرای سەوزە بۆ تیرۆر.

ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە کاتێکدا دەستە ڕەش و نەگریسەکانی تیرۆر، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی ترسنۆکانە پەلاماری کێڵگەی غازی کۆرمۆریان دا، ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشه تەنها بۆ سەر بۆرییەک یان کێڵگەیەکی وزە نییە، بەڵکو لێدانە لە دڵی ئابووری کوردستان و بڕینی قووتی خەڵک و تێکدانی ئارامیی ناوچەکەیه، ئەمە هەوڵێکی نەزۆکی دۆڕاوەکانە بۆ ڕاگرتنی کاروانی ئاوەدانی کوردستان که بە ئیرادەی پۆڵایینی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕوونی کردەوە کە ئەم کاره ترسنۆکانەیه لێدانه لە سەقامگیری بازاڕی وزەی جیهانی و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر تێکڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سەقامگیری ئابووریی جیهان و ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی هەرێمی کوردستان، بە دەنگێکی بەرز و ڕاشکاوانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەورووپا و هاوپەیمانان دەڵێین: بە بەیاننامەی نیگەرانی، چیتر برینی کوردستان ساڕێژ ناکات، بێدەنگی و هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وەک چرای سەوز وایە بۆ ئەوەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان بەردەوام بن لەسەر تاوانەکانیان، پێویستە جیهان لە تەماشاکەرەوە ببێتە پارێزەری ڕاستەقینە و بە کردار کۆتایی بەم دەستدرێژییانه بهێنێت، ناکرێت هەرێمی کوردستان که خوێنی بۆ پاراستنی جیهان لە تیرۆر بەخشیوە، ئێستا بە تەنها لەبەردەم ئاگری تیرۆردا بەجێ بهێڵرێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆش ئاماژە بەوە کراوە: لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەمڕۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەی ویژدانی نیشتمانییه، مووشەکی دوژمن ڕەنگ و بۆچوونی جیاواز ناناسێت، بەڵکو شکۆی هەموو کوردستانییەک دەکاته ئامانج. داواکارین لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەم پرسه چارەنووسسازەدا یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سووره و دەبێت بە یەکڕیزی وەڵامی پیلانگێڕان بدەنەوە.

لە کۆتاییدا هاتووە: ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەڵێن دەدەین لە هەر کوێیەک بین، دەنگی بەزی مەزڵوومیەت و مافخوازیی گەلەکەمان بین و ڕووی ڕەشی تیرۆریستان بۆ جیهان ئاشکرا بکەین، دڵنیابن، ئەو ئاگرەی دەیانەوێت لە کوردستانی بەر بدەن، تەنها دەموچاوی خۆیان ڕەش دەکات و کوردستان هەر ئاوەدان و سەربەرز دەمێنێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.