بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر شۆفێرانی ئاگادار کردەوە بڕیاری گۆڕانکاری لە خێرایی ڕێگای نێوان هەولێر و دهۆک دراوە و خێراییەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی جارانی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زیادکردنی خێراییەکە لەو سنوورەدا بە گونجاو نەزانراوە و مەترسی بۆ سەلامەتیی گشتی دروست دەکات.
ڕۆژی هەینی 28ی نۆڤەمبەری 2025 ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 17ی نۆڤەمبەری 2025 خێرایی ڕێگای هەولێر - دهۆک لە شەقامی گەزنە تا گوندی چەمە لە 100 کیلۆمەترەوە بۆ 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز کرایەوە، دەرکەوت کە ئەو بڕیارە بۆ ئێستا گونجاو نییە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە دوای چاودێریکردنی ڕێگەکە و دیراسەکردنی جووڵەی شۆفێری لەدوای زیادکردنی خێراییەکە، کە وەک تێستێکی تەکنیکیی کامێراکان ئەژمار کراوە، بۆیان دەرکەوتووە زیادکردنی خێرایی بۆ ئەو ڕێگەیە لە ئێستادا گونجاو نییە.
بەو هۆیەوە و لەپێناو سەلامەتیی گشتی، پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕوونەدانی ڕووداوی هاتوچۆ، بڕیار دراوە لە ڕێکەوتی 1ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە خێرایی لێخوڕین لەو ڕێگەیە بکرێتەوە بە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.