Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 21:18

شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتنە کێڵگەی غازی کۆرمۆر

کوردستان TV
100%

بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و هەڵسەنگاندنی زیانەکان، شاندێکی هاوبەشی باڵا لە وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەکەیان کرد و شوێنی هێرشەکەیان بەسەر کردەوە.

ڕۆژی هەینی، 28ی نۆڤەمبەری 2025، شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوو لە عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق، حەمید شەتڕی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتنە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.

دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست، کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەردوو شاندی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم دەستی پێ کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و چۆنیەتیی پاراستنی کێڵگەکە.

 دواتر ئەندامانی شاندەکە بە مەیدانی سەردانی ئەو بەشانەی کێڵگەکەیان کرد کە بەهۆی هێرشەکەوە زیانیان پێ گەیشتبوو، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە قەبارەی زیانەکان و وردەکاریی هێرشەکە ببینن و ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بگرنە بەر.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتییەوە بەڕێوە دەبرێت و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی 2024دا چەندین هێرش کراوەتە سەر ئەم کێڵگەیە. دیارترین هێرش لە مانگی نیسانی 2024 بوو کە بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە 4 کارمەندی بیانی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکیش بریندار بوون، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی غاز.

زۆربەی جار ئەم هێرشانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە سنووری ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن و ئامانجی سەرەکییان پەکخستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانە.

 هەر جارێک هێرش دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەبێت، بەو پێیەی نزیکەی 67 لەسەدی کارەبای هەرێم پشت بە غازی ئەم کێڵگەیە دەبەستێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.