Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 14:53

خامەنەیی ناردنی پەیام بۆ ئەمریکای ڕەت کردەوە و بانگەشەی شکستپێهێنانی ئیسرائیل دەکات

کوردستان TV
100%

عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە ناردنی پەیامی ئێران بۆ ئەمریکا دەکەن و بە "درۆی پەتی" ناوی بردن.

ڕۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، عەلی خامەنەیی لە میانی وتارێکدا بۆ ئەندامانی هێزی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران، ستایشی هێزەکانی کرد و ئاماژەی بە "جەنگی 12 ڕۆژە"ی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد.

 خامەنەیی ڕایگەیاند لەو جەنگەدا گەلی ئێران هەم ئەمریکا و هەم ئیسرائیلی شکست پێ هێناوە و وتی: "بەبێ دوودڵی، هاتن شەڕەنگێزییان کرد، لێیان درا و بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە؛ واتە بە هیچ کام لە ئامانجەکانی خۆیان نەگەیشتن."

خامەنەیی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی مەسعوود پزیشکیان یان محەمەد بن سەلمان بکات، ناردنی هەر جۆرە پەیامێکی بۆ ئەمریکا ڕەت کردەوە و وتی: "دەنگۆ دروست دەکەن کە گوایە حکوومەتی ئێران بە نێوەندگیریی فڵان وڵات پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە؛ ئەمە درۆی پەتییە و شتی وا بوونی نییە."

ئەم لێدوانەی ڕێبەری ئێران لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ناوخۆیی و جیهانییەکان باس لەوە دەکەن سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕێگەی سعودیەوە نامەی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە. میدیا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت میدیاکانی ناوخۆی ئێرانیش باسیان لە ئامادەیی تاران بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیریی سعودیە کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئێران خوازیاری دانوستانە، بەڵام بە ئاشکرا نایڵێت.

لێدوانەکەی خامەنەیی پێچەوانەی قسەکانی مستەفا کەواکبیان، بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی مەردومسالارییە، کە ئەم دواییانە ڕایگەیاندبوو مەسعوود پزیشکیان بە مۆڵەتی ڕێبەری ئێران نامەی بۆ محەمەد بن سەلمان ناردووە تا بیگەیەنێتە دەستی ترەمپ، تەنانەت ئاماژەی بەوە کردبوو ترەمپ دەستبەجێ دوای وەرگرتنی پەیامەکە هەڵوێستی نواندووە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.