Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 21:38

پوتین: سەرۆکایەتیی زێلێنسکی شەرعی نییە و پلانی ترەمپ بنەمایە بۆ ئاشتی

کوردستان TV
100%


ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتیی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە "ناشەرعی" دەزانێت، بەڵام پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنەکانی داهاتوو.

ڕۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قرغیزستان، پوتین ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی ئەوەی زێلێنسکی لە ماوەی نزیکەی 4 ساڵی جەنگدا هەڵبژاردنی ئەنجام نەداوە، سەرۆکایەتییەکەی شەرعییەتی نەماوە و بەو هۆیەوە "واژۆکردنی هەر گرێبەستێک لەگەڵ کیێڤ لە ڕووی یاساییەوە مەحاڵە". ئەم قسانەی پوتین لە کاتێکدایە کە بەپێی یاساکانی ئۆکراینا، لە کاتی جەنگدا سەرۆک دەسەڵاتی هەیە هەڵبژاردن ئەنجام نەدات و بۆ دوای جەنگ دوای بخات.

مەرجەکانی مۆسکۆ و پلانی ترەمپ

سەرۆکی ڕووسیا جەختی کردەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینا بەشێکن لە خاکی ڕووسیا. ناوبراو پشتیوانیی خۆی بۆ پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ دووپات کردەوە و بە "بنەمایەک بۆ ڕێککەوتن" وەسفی کرد.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە پلانێکی 28 خاڵیدا پێشنیاری کۆتاییهێنانی جەنگی خستەڕوو، کە دواتر لە ژنێڤ گۆڕانکاریی تێدا کرا بۆ 19 خاڵ. سەرەڕای ئەوەی کۆشکی سپی و نووسینگەی زێلێنسکی بە پلانێکی "دادپەروەرانە" ناوزەدیان کردووە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی قووڵ لەسەر ناوچەی دۆنێتسک و کشانەوەی هێزەکان ماوە.

پوتین مەرجی سەرەکیی بۆ وەستاندنی جەنگ بەوە دیاری کرد کە "دەبێت هێزەکانی ئۆکراینا لەو ناوچانە پاشەکشە بکەن کە ئێستا لەژێر دەستیاندایە".

مشتومڕ لەسەر نێردەی ئەمریکا

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پوتین بەرگریی لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ کرد، کە دوای دزەکردنی تۆمارێکی دەنگیی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، تۆمەتی لایەنگری بۆ مۆسکۆی ئاراستە کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، لەو پەیوەندییەدا کە لە ڕۆژی 14ی ئۆکتۆبەر ئەنجام دراوە (واتە 2 ڕۆژ پێش پەیوەندییەکەی ترەمپ و پوتین لە 16ی ئۆکتۆبەر)، ویتکۆف ڕێنمایی نوێنەری کرملینی کردووە کە چۆن کاریگەری لەسەر ترەمپ دروست بکەن بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی. ئەمەش کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا ویتکۆفیان بە "خاین" وەسف کردووە و داوای دوورخستنەوەیان کردووە.

ئەم لێدوانانەی پوتین هاوکاتە لەگەڵ 6ەمین سەردانی ستیڤ ویتکۆف بۆ مۆسکۆ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.