باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیەنراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەكات و جەخت دەكاتەوە كە ئەوان ئامادەن هاوكاری پێشكەش بكەن بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەنراوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا هاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سلێمانی دەکات".
هەروەها هاتووە "ئێمە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانی دیکە هاوڕاین لە داواکردن لە حکوومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی دەستبەجێ بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە دوایین هەوڵە لە زنجیرەیەک هەوڵی لایەنە خراپەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق و بە ئامانجگرتنی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان".
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە راگەیەنراوەكەدا گوتوویەتی "ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان".
ئەوەش هاتووە "جەخت لەسەر گرنگیی سەپاندنی سەروەری عێراق دەکەینەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکەکان، بەتایبەتی درۆن و مووشەک و رۆکێتەکان، بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.