ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بودجەی 22.1 ملیار یۆرۆی دەستەبەر کردووە بۆ دابینکردنی پلان و بەرنامەکانی بۆ سێ ساڵی داهاتوو، لەکاتێکدا کیشوەرەکە هەوڵدەدات هەوڵەکانی لە بواری بۆشایی ئاسمان چڕتر بکاتەوە.
ئەو بڕە پارەیە پێنج ملیار یۆرۆ زیاترە لەوەی کە 23 وڵاتی ئەندامی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا لە ساڵی 2022 دا تەرخانیان کرد و بە نزیکەیی یەکسانە بە بودجەی 22.2 ملیار یۆرۆ (25.7 ملیار دۆلار) کە ئاژانسەکە پێشنیاری کردووە.
لای خۆیهوه، جۆزێف ئاشباخەر بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسیی بۆشایی ئاسمانیی ئەوروپا لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاژانسەکە لە شاری برێمن لە ئەڵمانیا گوتی: پێشتر ئەمە ڕووی نەداوە و بۆ یهكهمجاره.
پێش کۆبوونەوەکە شارەزایان پێشبینیان کردبوو کە بودجەکە نزیکەی ٢٠ ملیار یۆرۆ بێت.
ئاشباچەر رایگهیاند: بەڵێنە نوێیەکە دەریدەخات کە فەزا کەرتێکی ئابووریی گرنگه و بە خێرایی گەشە دەکات و یەکێتی ئەوروپا دەبێت لەپێش وڵاتانی دیکەدا بێت.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا کە ئەمساڵ تەمەنی دەبێتە 50 ساڵ، پرۆژەی بۆشایی ئاسمانی مەدەنی لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا هەماهەنگی دەکات و هەروەها لەگەڵ دەزگاکانی تری ئهمنی و بهرگریی یەکێتی ئەوروپاش کاردەکات.
کەرتی بۆشایی ئاسمان لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و کۆمپانیا تایبەتەکانی وەک سپەیس ئێکسی ملیاردێر ئیلۆن ماسک زاڵن بەسەر پیشەسازی هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکاندا.
جێی باسه، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، کە ناسا پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەشداری دەکات لە ئەرکی ڕۆڤەری ئەوروپی ڕۆزالیند فرانکلین لە مەریخدا.
بڕیاریشه ئەم ئەرکە لە ساڵی 2028 دەستپێبکات و ئامانجی گەڕانە بەدوای نیشانەکانی ژیانی دەرەوەی زەوی لەسەر مەریخ.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.