گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تیمەكان بە درێژایی ئەمڕۆ سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كێڵگەی كۆرمۆر بوون لە دوای هێرشەكاندا، هەروەها سبەی هەینی روون دەبێتەوە كە چەند كات پێویستە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و گەڕانەوەی كارەبای نیشتمانی بۆ دۆخی ئاسایی.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەهێرشەکەی شەوی رابردوو ئەمە یانزەهەمین جارە کە زۆربەی جارەکان لە ڕێگەی درۆن هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر".
راشیگەیاند "لە دەرئەنجامی ئەم هێرشە ترسنۆكەدا بە ڕێژەیەکی زۆر زیان بەر خەزانی غاز کەوتووە، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای ڕووداوەکە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بوون".
پێشەوا هەورامانی گوتیشی "سبەی هەینی بە دیاریکراوی ڕوون دەبێتەوە كە چەند کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی بزانین کەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەکەینەوە، بەڵام هەوڵی تەواو دەدەین شەو و ڕۆژ کار بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم هەروەها گوتی "پێویستە گەرەنتی بدرێت لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵ ئەم کارە دووبارە نابێتەوە و ئەوانەی ئەنجامیانداوە ناو و لایەنی پاڵپشتیکارییان ئاشکرا بکرێت و توندرین سزا بدرێن".
جەختیشی كردەوە كە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتە دواوە لە پڕۆژە و کارە گەورەکانی و داهاتووی ئێمە بەکاری ترسنۆکانە لەناو نابرێت و ڕووناکی بەسەر تاریکی سەردەکەوێت، هەروەها ئیرادە و خەونی میلـلەتی ئێمە بۆ بونیادنان لە ئارەزووی تێکدەرانەی تاریکپەرستان گەورەترە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.