وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەكانی رابردوو و هەروەها ئەوەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی كۆرمۆر بڵاو دەكاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت "راپۆرتی كۆتایی لیژنەی هاوبەش ئێستا لەبەردەستی سەرۆك وەزیرانی عێراقە و تێیدا ئەو لایەنانە دەستنیشانكراون كە بەرپرسن لە هێرشەكان".
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە "هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، دەرئەنجامی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر هێرشەكانی رابردوو".
هەروەها ئەوە خراوەتەڕوو "حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
دەقی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان:-
لەنێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمووزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە.
بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ی تەمووزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکییان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.
هەروەها دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێت سەر بە کام رێکخستنن.
لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکوومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتە بەر.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی لایەنی بەرپرسیار، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات حکوومەتی فیدراڵ ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/11/27
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.