نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كرد و داوای لە حکوومەتی عێراق كرد ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە بەرپرسیارن لە هێرشەكەدا و دادگایییان بکات.
ماركا ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند "گرووپە چەکدارەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە ئەجێندای بیانی دوژمنکارانە دەجووڵێن، دوێنێ هێرشێکیان بۆ سەر کێڵگەی غازی كۆرمۆر ئەنجام دا".
راشیگەیاند "حکوومەتی عێراق دەبێت ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە بەرپرسیارن لەم هێرشەدا و دادگایییان بکات".
مارك ساڤایا هەروەها گوتی "بە بێ دوو دڵی: لە عێراقێکی خاوەن سەروەریدا جێگەی ئەو جۆرە گرووپە چەکدارانە نییە. ئەمەریکا بە تەواوی پاڵپشتی ئەم هەوڵانە دەکات كە هەموو گرووپ و لایەنگرێکی چەکداری نایاسایی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و ڕووبەڕوویان ببێتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا "ئەمریکا پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیردا. هەروەها هانی بەغدا و هەولێریش دەدەین کە هاوکارییە ئەمنییەکانیان قووڵتر بکەنەوە و لە نزیکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و وزەی گرنگ".
جەختیشی كردەوە "ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکانی دووپات دەکاتەوە".
لە كۆتاییدا مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت "ئێمە پێکەوە بەردەوام دەبین لە پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری عێراق و دەستەبەرکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی هەموو هاووڵاتییانی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.