فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ڕایگەیاند ئامانجی هێرشەکە پێکانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکانە و داوای دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو (26ی تشرینی دووەمی 2025)ـی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەین، کە ئامانج لێی پێکانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی گشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها دروستکردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هێرشە بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوی کێڵگە گازییەکان و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو، کە بووەتە مایەی پچڕانی وزەی کارەبا لەسەر چەندین ملیۆن هاووڵاتی و ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق.
فەرمانگەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە: "لە ڕابردووشدا هێرشی تیرۆریستی لەم شێوەیە بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام سەرەڕای ئاشکرابوونی ئەو لایەنانەی کردەوەکانیان ئەنجام داوە، ڕێکاریی پێویستیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر."
سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراق، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: "داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین کە بە جددی بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە بکەن تاکوو تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کردەوانە."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هەڵوێستیان هەبێت و هاتووە: "داواکارین پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
هەروەها داواکراوە لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشار بخەنە سەر حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی لەژێر هەر پەردەیەکدا بێت چیتر ئەم جۆرە تاوانانە دەرهەق بە هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدرێن.
لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.