سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی توندی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کەرەستەی بەرگری بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیی هەرێم دابین بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەم ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.
سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: هەروەها داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم، کەرەستەی بەرگریی پێویستمان بۆ دابین بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و پاڵپشتیمان بن لە گرتنەبەری ڕێکاری جدی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانەی دەکرێنە سەر گەلەکەمان و پێشکەوتنەکانمان.
ئاماژە بەوەش دەکات، ناکرێت ڕێگە بە تیرۆریستان، یان هەر کەسێک کە لە پشت هێرشەکانی ئەمشەوەوەیە بدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە، یان بە کەفالەت ئازاد بکرێن وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی داوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.