سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان، دۆخی گشتیی عێراق، دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار، کە بێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدراڵی بگرێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە شایستە داراییەکان، تێیدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، هەروەها جەختیان لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی لە بواری دارایی و پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئەو چاکسازییانە دەربڕی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.