ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشكرای كرد، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر دۆسییەی دیارنەمانی بڕی 2.5 تریلیۆن دیناری تایبەت بە سندووقی چاودێری كۆمەڵایەتی.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردەوە: دادگای لێكۆڵینەوەی دووەمی كەرخ تایبەت بە دۆسییەكانی دەستپاكی، دەستی بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكان كرد سەبارەت بە دەنگۆی دیارنەمانی پارەی سندووقی چاودێری كۆمەڵایەتی.
پێشتریش دەستەی دەستپاكی فیدڕالی ئاشكرای كردبوو كە ئەوانیش لەسەر دۆسییەكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لەسەر دۆسییەكە رایگەیاندبوو: سەرجەم پارەكانی تایبەت بە سندووقی چاودێری كۆمەڵایەتی كە بڕەكەی 2.5 تریلیۆن دینارە دیار نەماوە.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق راشیگەیاندبوو: ئەو بڕە پارەیە لەسەر حیسابی بانكی بە ناوی وەزارەتی دارایی تۆمار كراوە، بەڵام ئێستا سەرجەم بڕە پارەكە دیار نەماوە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی ئەحمەد ئەسەدی دابووەوە و رایگەیاندبوو كە زانیارییەكانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە دیارنەمان یاخود خەرجكردنی پارەكە راست نین، جەختیشی كردەوە كە تەنیا حیسابەكە لە بانك راگیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.