لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر بنکەیەکی ئەمنیی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی لە شاری پیشاوەر لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بوونە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ئاکامی هێرشەکەدا سێ ئەندامی هێزە نیمچە سەربازییەکانی پۆلیس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاندووە، هێرشەکە بەم شێوەیە بووە کە کەسێکی خۆکوژ لە بەردەم دەروازەی سەرەکیی کۆمەڵگاکە خۆی تەقاندووەتەوە، هاوکات دوو هێرشبەری دیکەش لەلایەن هێزەکانەوە بە تەقە کوژراون. دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان ناوچەی دەوروبەری بنکەکەیان گەمارۆ داوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە ١١ی تشرینی دووەم، لە هێرشێکی دیکەی خۆکوژیدا لە نزیک دادگایەکی قەرەباڵغی ئیسلام ئابادی پایتەخت، لانی کەم ١٢ کەس کوژران.
گرووپی "جەماعەتولئەحرار"، کە گرووپێکی جیابووەوەی تالیبانی پاکستانە، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت، هەرچەندە خودی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەوە نەبووە.
دوای هێرشەکەی ئیسلام ئاباد، خواجە محەمەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی کابول دەتوانن تیرۆر لە پاکستان ڕابگرن، بەڵام گواستنەوەی ئەم جەنگە بۆ پایتەخت، پەیامێکە لەلایەن کابولەوە و پاکستان توانای تەواوی هەیە بۆ وڵامدانەوەی." لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی تالیبان لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکی کورتدا هێرشەکەی بە توندی ئیدانە کرد.
چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەکەی پایتەخت، حکوومەتی پاکستان لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری و دژەتیرۆردا، چوار ئەندامی گرووپی (TTP)یان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە هێرشەکەی سەر کۆمەڵگای دادوەریی ئیسلام ئاباددا هەبووە و دانیان بە وردەکارییەکانی پلاندانان بۆ هێرشەکەدا ناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.