ئه‌مڕۆ شەممە، روستەم ئومارۆڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی ئۆکراینا رایگەیاند، بەم نزیکانە کیێڤ لە سویسرا لەگەڵ ئەمه‌ریکا گوتووێژ دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ رووسیا.
رۆسته‌م ئومارۆڤ، لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ديدارى راوێژکاری لە سویسرا لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئۆکراینا و ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەره‌كانی رێککەوتنی ئاشتی لە داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێت.
ئومارۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد: ئۆکراینا بە تێگەیشتنێکی روون لە بەرژەوەندییەکانی دەچێتە ناو ئەم دانوستانه، قۆناغێکی نوێی گفتوگۆیە و چەند ڕۆژێک بەردەوام ده‌بێت.
راشیگه‌یاند: ئامانجی سەرەکیی له‌و دانوستانه راوێژكارییه گۆڕینه‌وه‌ی دیدگای تازه‌یه بۆ یه‌كخستنی هه‌نگاوه‌كان بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئه‌مرۆ شەممە بڕیارێکی واژۆکرد بۆ پێكهێنانی شاندێک کە ئەرکی بەشداریکردنی لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی ئۆکراینا هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی رووسیای پێسپێردراوه.
زێلێنسکی ڕۆژی هەینی به‌ڕوونی ڕەتکردنەوەی پلانی ئەمه‌ریکی راگەیاند كه تیایدا هاتبوو ئۆكراینا ئه‌وه قه‌بوڵ بكات كه نه‌چێته ناو هاوپه‌یمانی ناتۆ و له به‌شێكی خاكه‌كه‌شی خۆش بێت بۆ رووسیا. دووپاتیشی كرده‌وه كه پلانی جێگره‌وه‌یان ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه.
لای خۆیانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوایان لە زێلێنسکی کردووه ئەو پێشنیازە قبوڵ بکات كه خراوه‌ته‌ڕوو بۆ وه‌ستانی جه‌نگی چوار ساڵه‌ی رووسیا و ئۆكراینا .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.