وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێک بۆ دابەزاندنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر بە "خیانەت" دەزانن و هەرگیز قبووڵی ناکەن، هاوکات مەرجی نوێی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم دانا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم بووەتە مایەی "شانازی و شاییبەخۆبوونی نیشتمانی" و تێچوویەکی زۆریان لەو پێناوەدا داوە، بۆیە بە وتەی ئەو "بە هیچ شێوەیەک" مەرجی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم قبووڵ ناکەن.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، عێراقچی ڕایگەیاند تاران تەنها بۆ ئەو دامەزراوانە هاوکاری دەکات کە "بۆردومان نەکراون"، جەختیشی کردەوە کە بۆ دامەزراوە "بۆردومانکراوەکان" هیچ جۆرە هاوکاری و پشکنینێک ئەنجام نادرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕۆژی چوارشەممە وڵامی ئەو پاساوانەی بەرپرسانی ئێرانی دایەوە کە وتبوویان "بەهۆی وێرانبوونی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، هیچ شتێک بۆ پشکنین نەماوەتەوە". گرۆسی وتی: "مەسەلەکە بەو شێوەیە نییە کە بڵێن چون هەموو شتێک وێران بووە، ئیتر شتێک بۆ پشکنین بوونی نییە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.