وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە وەڵامی لێدوانەكانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی دایەوە كە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی كردبوو.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتووە: وەزارەتەكەمان بەدواداچوونی بۆ وتەكانی ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كردووە كە سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق قسەی كردبوو.
هەروەها هاتووە: سەرسوڕمان بووین بەو لێدوانانە كە بە دەستوەردانێكی روون و قبووڵنەكراوی دەزانین لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و تایبەتە بە ئیرادەی گەلی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکان.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە: عێراق پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانی هەیە لەسەر بنەمای سەروەری و ڕێزگرتنی یەکتر و هەروەها دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا.
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵبژاردنەكانی عێراقی بە وێستگەیەكی چارەنووسساز وەسف كردبوو و هۆشداریشی دابوو لە هەر دەستوەردانێك لە پڕۆسەكەدا.
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاندبوو كە ئێران و گەلی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بە گشتی هەموو جۆرە دەستوەردانێكی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق رەت دەكەنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی هەروەها گوتبووی، لە رابردوودا سەلمێنراوە هەموو دەستوەردانێكی ئەمریكی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەدا، لێکەوتەی نەرێنی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ئەو وڵاتانە و تەواوی ناوچەکە لێ دەكەوێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.