دەنگدانی تایبەت بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد و زیاتر لە میلۆنێک و 313 هەزار کەس لە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە.
کاتژمێر 7:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد و دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی ئەو کەسانەی مافی بەشداری و دەنگدانیان هەیە کرایەوە.
ملیۆنێک و 313 هەزار 859 کەس ئەندامانی دەزگا ئەمنیییەکان و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە. لەم ژمارەیەش 224 هەزار و 333 دەنگدەری تایبەت لە هەرێمی كوردستانن
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت دیاری کراون. لە هەرێمی کوردستان 1312 بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە. 528 بنکە کە 2023 وێستگەیان تێدایە لە پارێزگای هەولێر، 506 بنکە کە 2200 وێستگەیان تێدایە لە پارێزگای سلێمانی و 277 بنکە کە 1396 وێستگەیان تێدایە لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەم دەنگدانە ئامادە کراون.
هەر ئەمڕۆ ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کە ژمارەیان 26 هەزار کەسە لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدار دەبن.
و پرۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە بەردەوام دەبێت و لەبەر ئەوەی سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن، ماوەکە درێژ ناکرێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.