سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی چاندنی درەختەکانی پشتێنی سەوزی هەولێر ڕایگەیاند: کاروانی ئاوەدانیی کوردستان هەر بەردەوام دەبێت و جەختیشی کردەوە ئێمە چاوەڕێ نین موعجیرە بخوڵقێ بەڵکوو دەبێ خۆمان موعجیزە دروست بکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر دەستی پێ کرد.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا رایگەیاند: پێشتریش لە بەرنامەکانی ئێمەدا بووە کە ئابووریی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکەین تاکوو تەنیا پشت بەوە نەبەستین کە بواری نەوت و غاز و یاخود تەنیا لە کەرتێکەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین. ئێمە لە هەموو کەرتەکان هەوڵی ئەوەمان داوە گرینگیی پێ بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین".
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد: " دروستکردنی پۆند و بەنداو و پشتێنەی سەوز، هەمووی بۆ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرین کە لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەیە و پەرەپێدان بەم پشتێنەیە دەکرێ زۆر زۆر زیاتر یارمەتیی هەولێر بدات لە پاککردنەوەی ئاو و هەوای هەولێر، لە خاوێنکردنی هەوای هەولێر، وەکوو سییەک بەکار دێت بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر بتوانن هەوای پاک هەڵمژن. "
مەسرور بارزانی گوتیشی: "دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین کە ئەو گەنجانەی دەیانهەوێ لەم دەرفەتە کار بکەن، ڕاهێنانیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پشتێنەی سەوزە بکەن."
دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پشتێنەی سەوزی هەولێر
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن
بەختەوەرم لەگەڵتانم لەم ڕۆژە گرنگ و مێژووییە کە بە ڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر زۆر گرنگە و بۆ ئێستای کوردستان و ئاوەدانیی ئەوڕۆی کوردستانیش زۆر زۆر گرینگە. مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی دەفەرموێ گوڵ لەبەر باران شین دەبێت نەک بە دەنگی هەور و برووسکە. ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنی کوردستان.
جێی خۆیەتی سوپاسی دۆست و پسپۆڕانی یۆنانی بکەم کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن وەک نوێنەرانی حکوومەت و ئەو بەڕێز و پسپۆڕانەی ئامادەبوون یارمەتیمان بدەن لە دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە تایبەتی لە چاندنی داری زەیتوون. پیش ماوەیەک من لەگەڵیان دانیشتم و بۆیان باس کردم کە سەرچاوەی داری زەیتوون لەم دەڤەرانەوە هاتووە. گەڕاندنەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە ئەمە خۆی مانایەکی گەورەی هەیە. هەم بەرهەمێکی بەخێر و بەپیتە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە هەم دەکرێ زۆر زۆر سوودی لێ وەربگرین بۆ بابەتی ئەو مەبەستەی هەمانە بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوزی هەولێر.
سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم کە یارمەتیی حکوومەت دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە. دەمهەوێ هاووڵاتییانی خۆشەویست لەوەش تێبگەن کە ئەم پشتێنەی سەوزە، خۆی وەکوو ڕەگەز ڕەگەزی سەوزایەتیی دەبێ و خاوەندارێتییشی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کۆمپنایایانەی کەرتی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بەشدارن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانن بەردەوام بن لە سوودوەرگرتن، بە تایبەتی لە بابەتە بازرگانییەکانی بەرهەمەکانی ئەو دارانەی لێرە بەکار دێن کە وەکوو داری بەرهەمدار دەبن. ئەمە هەمووی کارێکی یەکجار گەورە دەبێ بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجەکانی خۆشمان. دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین کە ئەو گەنجانەی دەیانهەوێ لەم دەرفەتە کار بکەن، ڕاهێنانیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پشتێنەی سەوزە بکەن.
پشتێنەیەکی سەوز وەکوو بازنە کە بە دەوری شاری هەولێر دەسووڕێتەوە، ئەمە بێگومان کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر کەشوهەوای هەولێریش دەبێت. لە لایەکەوە وەرگرتن و هەڵمژینی دی ئۆکسیدی کاربۆن یا CO2 و دوایی گەڕاندنەوەی ئۆسجین بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری، دەکرێ ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ ئێمە دروست بکات. ژینگەیەکی تەندروستتر، هەوایەکی پاکتر، ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتریش بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات. ئەمانە ئەو پڕۆژانەن کە ئێمە هەمیشە بیرمان لێ کردووەتەوە چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین و خزمەتی وڵاتەکەی خۆشمان بکەین.
لە بەرنامەکانی ئێمەدا بووە لە پێشتریش کە ئابووریی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکەین تاکوو تەنیا ئێمە هەموو ئیعتمادمان لەسەر ئەوە نەبێت کە نەوت و غاز و یاخود تەنیا لە کەرتێکەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین. ئێمە لە هەموو کەرتەکان هەوڵی ئەوەمان داوە گرینگیی پێ بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین. چەند ڕۆژێک بینیتان کە پڕۆژەی گەشتوگوزاری هەبووە و بابەتی ژێرخانی ئابووری لە هەموو ڕوویەکەوە، دروستکردنی ڕێگەوبانە، بەڵام لە ڕووی ژینگەپارێزییەوە دیسان ئێمە گرینگییەکی زۆری پێ دەدەین. هەم بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان، هەم دەکرێ ببێت بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەموو هاووڵاتییانیش و ژینگەیەکی تەندروستتر و ژیانێکی تەندروستتریش بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات. بۆیە ئەو کارانەی کە پێشتر کردوومانن هەموویان بۆ ئەوە بووە کە وڵاتی ئێمە ئاوەدانتر بێ، خۆشتر بێ و خەڵکی ئێمەش زیاتر سوود لەو نیعمەتە وەربگرن، سوود لەو سروشتە جوانە وەربگرن کە خوا بە ئێمەی بەخشیوە.
دروستکردنی پۆند و بەنداو و پشتێنەی سەوز، هەمووی بۆ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرین کە لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەیە و پەرەپێدان بەم پشتێنەیە دەکرێ زۆر زۆر زیاتر یارمەتیی هەولێر بدات لە پاککردنەوەی ئاو و هەوای هەولێر، لە خاوێنکردنی هەوای هەولێر، وەکوو سییەک بەکار دێت بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر بتوانن هەوای پاک هەڵمژن.
قسەیەک هەیە کە دەڵێن پێشینیان چاندیان، ئێمە بەرهەمەکەمان خوارد، ئێمەش دەچێنین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بەرهەمەکەی بخۆن، بەڵام هیوادارم ئێوە هەر خۆتان بەرهەمەکەی ببینن و بەرهەمەکەشی بخۆن ئینشائەڵلا.
ئەمە هەلی کار بۆ گەنجان دروست دەکا و هیوادارم جگە لەم پڕۆژەیە، پرۆژەکانی دیکەی ئێمەش وا بکەن کە ئێمە ئەوەندە ناچار نەبین تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات ببەستین. پسپۆڕیی فێربوونی ئەم جۆرە کارانە بێگومان توانایی گەنجەکانی ئێمە زیاتر دەکات و شانسی زیاتر و خەیاری زیاتریش بە گەنجەکانمان دەدات بۆ ئەو بوارانەی دەیانهەوێ کاری تێدا بکەن.
ئێمە پێش ئەوەی ئەم پڕۆژانە هەمووی دەست پێ بکرێ، هیوامان وا بوو بتوانین لە ماوەیەکی زوو جگە لەم پڕۆژەیە چەندین پرۆژەی تریش جێبەجێ بکەین، بەڵام بە داخەوە وەکوو پێویست هاوکارییان نەکردین. بە پێچەوانەوە زۆر زۆر گرفتیان بۆ دروست کردین کە ئێمە نەتوانین پرۆژەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. بەڵام بە پێداگری و بە دڵسۆزی و خەمخۆریی برادەران، چ ئەوانەی لە ناو حکوومەتن لە وەزارەتەکان، من دەمهەوێ دەستخۆشییان لێ بکەم، لە وەزیرە بەڕێزەکان، فەرمانبەران، بە ڕاستی لە ئۆفیسی خۆشم برادەران زۆر زۆر پێوەی ماندوو بوون بۆ ئەم پڕۆژەیە، دەمەوێ لە ئیستاوە دەستخۆشییان لێ بکەم بۆ ئەو ماندوو بوونەی هەیانبووە. ئەو پێداگیرییەی هەبووە وای کردووە ئێمە نەوەستین و بەردەوام بین لە سەرخستنی ئەم پڕۆژانە و ئیشەڵلا بەردەوامیش دەبین.
ئێمە چاوەڕێ نین بە ڕاستی کەس یارمەتیمان بدات ئەگەر نەیانەوێ. بەڵام ئەگەر لایەنێک هەبێ بیەوێ یارمەتیمان بدات ئێمە زۆر زۆر پێی دڵخۆش دەبین. هەرچەند ئەوەی بیستم زیاتر برادەرانمان لە دەرەوەی وڵات، ئیستعدادی خۆیان پێشان داوە کە یارمەتیمان بدەن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و من لە ئێستاوە سوپاسیان دەکەم. کەرتی تایبەتیش ئەگەر ئەوانەی دەیانەوێ بەشدار بن لە بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژەیە دیسان من لە ئێستاوە هەم سوپاسیان دەکەم و هەم دەستخۆشییان لێ دەکەم و پێشوازیشیان لێ دەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەگەڵمان بۆ باشتر کردنی ئەم پڕۆژەیە.
بابەتی ژینگە یا ژینگەپارێزی، یا تێکچوونی کەشوهەوا، کاریگەریی خراپیی کەشوهەوا تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، لەسەر هەموو عێراق و بگرە لەسەر هەموو جیهانیش هەیە. ئێمە لە زۆربەی گفتوگۆکاندا، لە زۆربەی دیدارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش باسی ئەوەمان کردووە کە پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر زۆر بەجددی وەربگیرێ، ئەوەی کە ئێستە دەتوانین بیکەین لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێ. با لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بهاوێژین بۆ پاراستنی ژینگە کە کاریگەرییان لەسەر جۆری ژیان و تەنانەت پاراستنی دیموگرافیی ناوچەکانیش هەیە. شوێنێک کە بەبیابان دەکرێت، کە ئاو نامێنێ، سەزایی نامێنێ، ژیانی تێدا نامێنێ، خەڵک بیر لە کۆچکردن دەکات. ئەم کۆچکردنە لێرە ناوەستێ. بۆ هەر شوێنێکی تری دنیا کە بیری لێ دەکەنەوە خەڵک بە دوای ژیاندا دەگەڕێ. کۆچ لە شوێنێک کە بە بیابان دەکرێ بەرەو شوێنێک کە سەوزایی تیدایە دەڕوا. لێرەش ناوەستن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوە خەڵک کۆچ دەکەن. هەر لەبەر بابەتی ژینگە جگە لە بابەتی شەڕ و کێشەکانی تریش کە زۆر جار دەبنە هۆکاری کۆچ کردن.
بۆیە داوامان لە وڵاتانی بیانی کردووە یارمەتیی ئێمە بدەن لە سەرەتاوە بابەتی ژینگەپارێزی نەبێت بە هۆکارێکی تری کۆچکردن. چونکە لەوانەیە ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە هێندێک تەکلیف بکرێ دواتر لە زۆر بابەتی تر وڵاتانی ئەورووپی دەتوانن خۆیان بپارێزن. لە کێشەکانی کۆمەڵایەتی، کێشەی سیاسییە، کێشەی کۆمەڵایەتییە، کێشەی ئابوورییە، کێشەی ئەمنییە، هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ کۆچ بەیەکەوە دەبن، دەکرێ ببن بە سەرئێشەیەک بۆ وڵاتانی بیانی. بۆیە لە ئێستاوە من داوایان لێ دەکەم، کە زیاتر یارمەتیدەری ئێمە بن، ئێمە ئەم کێشەیە لە سەرچاوەکەی چارەسەر بکەین. ئەمە یارمەتیی خۆشیان دەدا و بێگومان یارمەتیی خەڵکی ئێمەش دەدا. ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەکوو هەریمی کوردستان، هەم بیرمان لێ کردووەتەوە، هەم هەنگاوی کردەییشمان هاویشتووە، لە دروستکردنی بەنداوەکان وەک باسم کرد، یانیش لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ نموونە لە وەستاندن و هەڵگرتنی ئەم هەموو موەلیدە کە ئەبوونە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی شارەکان، ئەمە هەمووی کاری ئەرێنی بووە و ئەنجامەکانیشی وا بزانم بەدەر کەوتووە.
لە کۆتاییدا دەمهەێ ئەوە بڵێم، ئێمە چاوەڕێ نین موعجیزە بخوڵقێ، ئەبێ خۆمان موعجیزە دروست بکەین. خۆمان ئەتوانین وڵاتەکەی خۆمان ئاوەدان بکەین و کاروانی ئاوەدانی لە کوردستان کە دەستی پێ کردووە بەردەوام دەبێت. هیوادارین ئێوە هەمووتان یارمەتیدەرمان بن، تەندروست بن، سەلامەت بن. سپاسی دۆستەکانمان دەکەین بۆ پشتیوانیکردنیان. زۆر زۆر بەخێر بێن سەر سەر و سەر چاوان.
ئینشاڵلا کوردستان هەر ئاوەدان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.