كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بردنی مۆبایل و كامێرا بۆ بنكەكانی دەنگدان لە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن قەدەغە دەكات و جەختیش دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت كارتی بایۆمەتری دەنگدەران ساختە بكرێت.
حەسەن هادی ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: رێكارە تەكنییەكانی تایبەت بە كارتی بایۆمەتری وا دەكات كە ساختەكردن و هەڵە و دەستكاریكردنی دەنگ كارێكی مەحاڵ بێت.
راشیگەیاند: بەگوێرەی یاسای كۆمیسیۆن دەنگدان تەنیا لە رێگەی كارتی بایۆمەترییەوە ئەنجام دەدرێت ئەویش بە سێ قۆناغ دەكرێت، كە خۆی لە كارتی دەنگدان و تۆماری دەنگدەران و پەنجەمۆر یاخود وێنەگرتن دەبینێتەوە.
هەروەها رایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەركراوە كە زۆرجار لە بەساڵاچووان و كرێكاران رووی دەدا، ئەویش زیادكردنی كامێرایە لە ئامێرەكانی دەنگداندا.
حەسەن هادی ئاماژەی بەوەش دا كە دوای دەنگدان، راستەوخۆ كارتی دەنگدەر بۆ ماوەی 72 كاتژمێر رادەگیرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە ساختەكردن روو نەدات.
ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گوتیشی: هەر وەرەقەیەكی دەنگدان باركۆدێكی تایبەتی هەیە كە پڕۆسەی هەژماركردن خێرا دەكات و ساختەكردن تێیدا كارێكی مەحاڵ دەبێت.
داواشی لە هاووڵاتییان كرد لە هەر هەوڵێكی فرۆشتنی كارتی دەنگدان دووربكەونەوە، چونكە ئەو كارتە تەنیا لەلایەن هاووڵاتییەكە خۆیەوە بەكار دێت و هیچ كەسێكی دیكە ناتوانێت بەكاری بهێنێت.
جەختیشی كردەوە كە پڕۆسەی دەنگدان بەوپەڕی نهێنی ئەنجام دەدرێت و بردنەژوورەوەی مۆبایل و كامێرا قەدەغەیە، هەروەها دەنگدەران بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگی خۆیان دەدەن و لەنێو بنكەكانی هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەكیش ڕێگە نادرێت پاڵەپەستۆ بخرێتە سەر دەنگدەران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.