وەزیری گواستنەوە و هاتووچۆی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، پێشنیاری سووتاندنی تەرمی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم، میری ڕیگیڤ، وەزیری گواستنەوە و هاتووچۆی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، پێشنیاری سووتاندنی تەرمی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کرد، بەو پاساوەی کە "پێویستە هەندێک هێما نەگەڕێنرێنەوە".
میری ڕیگیڤ ڕایگەیاند: "من پێم وایە دەبێت هەمان ئەو کارە بکەین کە ئەمریکییەکان لەگەڵ بن لادن کردیان"، ئاماژەی بە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە، کە لە ساڵی 2011 لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە کوژرا و تەرمەکەی فڕێدرایە ناو دەریا.
ڕیگیڤ گوتیشی: "من ئەم پێشنیارەم لە ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و هەندێک هێما هەن کە نابێت بگەڕێنرێنەوە." بە گوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"، پێدەچێت پێشنیارەکەی ڕیگیڤ لەژێر پێداچوونەوەی بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیلدا بێت.
سینوار لە 16ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا کوژرا، ناوبراو دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم داواکراوی ئیسرائیل بوو.
تەرمی سینوار لە ڕێگەی تۆماری ددان و پشکنینی DNA ناسێنرا، و بەرپرسانی ئیسرائیل کەمێک دواتر مردنەکەیان پشتڕاست کردەوە.
حەماس لە کاتی دانوستانەکانی شەرم ئەلشێخدا، داوای لە ئیسرائیل کردبوو کە تەرمی دوو سەرۆکی پێشووی لە غەززە، یەحیا سینوار و محەمەد سینوار، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاگربەستی کۆتایی ڕادەستیان بکات، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.