سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە تۆمەتبارانی كوشتنی كاندیدەكەی هاوپەیمانی سیادە دەستگیر كراون و لە داهاتوویەكی نزیكدا ڤیدیۆی دانپێدانانەكانیان بڵاو دەكرێتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ناوچەی تارمییە لە باكوری بەغدا، لە رێگەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیدا، سەفا مەشهەدانی كاندیدی هاوپەیمانی سیادە لە سنووری پارێزگای بەغدا و چەند پاسەوانێكی كوژران.
مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: لایەنە ئەمنییەكان تۆمەتبارانی كوشتنی سەفا مەشهەدانی كاندیدی هاوپەیمانی سیادەیان دەستگیر كردووە و ئێستا وتەكانیان وەردەگیرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەفەرمی دانپێدانەكانیان بڵاو بكرێتەوە.
هەر دوای رووداوەكە، فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی بەغدا رایگەیاندبوو كە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكهێنراوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن.
شەوی رابردووش سەرچاوە ئەمنییەكانی بەغدا ئاشكرایان كرد كە لێكۆڵینەوەكان لە كەیسی كوشتنی سەفا مەشهەدانی گەیشتوونەتە كۆتایی و لە رۆژانی داهاتوو ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاو دەكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.