بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و تورکیا، کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەبارەی دۆسیەی ئاو و پەرەپێدانی هاریکاریی دوو قۆڵی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لە بینای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنجامدرا. دواتر لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا کۆبووەوە، لە لایەنی عێراقەوە عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و لە لایەنی تورکیاوە ئەبوبەکر کزل کەیدەر، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان سەرۆکایەتییان دەکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، دۆخی ئاو لە عێراق و ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو حەوزی دیجلە و فوراتەوە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە خستەڕوو. ناوبراو جەختی لە گرنگیی زیادکردنی ئاستی ئاوکردەوە بەتایبەتی لە ڕووباری دیجلە.
لە بەرامبەردا، ئەبوبەکر کزل کەیدەر، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی عێراق دەکات و بە بایەخەوە چاودێری دۆخی سەختی ئاو دەکات کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری کورتخایەن و درێژخایەن بۆ قەیرانی ئاو، ئەمەش لە ڕێگەی کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لە بواری ئاودا و دەستپێکردنی کۆمپانیا تورکییەکان بە جێبەجێکردنی پڕۆژە و ژێرخانی پەیوەندیدار.
هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولیی لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش کردەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن لە پڕۆژە هاوبەشەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.