Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 16:02

حەماس: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و کشانەوەی داگیرکەران ڕێک کەوتووین

کوردستان TV
100%

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "گەیشتوونە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، کشانەوەی داگیرکەران و گەیاندنی یارمەتییەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان".

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کەناڵی فەرمیی حەماس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاو کراوەتەوە ڕایگەیاند: "دوای دانوستانێکی بەرپرسانە و جددی کە بزووتنەوەکە و فراکسیۆنەکانی بەرخۆدانی فەلەستین لەسەر پێشنیارەکەی سەرۆک ترەمپ، بە ئامانجی  وەستاندنی شەڕی قڕکردن لەسەر گەلەکەمان و کشانەوەی داگیرکەران لە کەرتی غەززە، لە شەرم ئەلشێخ ئەنجامیان دا، بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی (حەماس) ڕایدەگەیەنێت کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، کشانەوەی داگیرکەران لێی، گەیاندنی یارمەتییەکان، و ئاڵوگۆڕی دیلەکان"

بزووتنەوەی حەماس هەوڵەکانی هەریەک لە قەتەر، میسر و تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەرز نرخاندووە کە بە شوێن وەستاندنی یەکجاریی شەڕ و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە بوون.

داواشی لە سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی ناوبژیوانی ڕێککەوتنەکە و لایەنە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان کردووە، ئیسرائیل ناچار بکەن بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە  بێت و ڕێگەی پێ نەدەن لە خۆی لە جێبەجێکردنی بدزێتەوە یا کەمتەرخەمی بکات.

حەماس جەختیشی کردووەتەوە قوربانیدانی گەلی فەلەستین بەفیڕۆ ناچێت و حەماس تا ئازادی و سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووس، دەستبەرداری مافەف نیشتمانییەکانی گەلی فەلەستین نابێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.